کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان لە گرنگترین کەیسەکانی مێژووی مۆدێرنی نەتەوەی کورد دەژمێردرێت. هەر بۆیە هەموو وڵاتانی داگیرکەری خاکی کوردستان و زلهێزانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی (دەگەڵ مێژوونووسان و نووسەرانی سەر بە خۆیان) بە جددی کاریان لە سەر چەواشەکردنی ڕاستییەکانی کردووە. بەڵگە و فاکتی حاشاهەڵنەگری زۆر هەیە کە سەربەخۆیی ئەو کۆمارە وەک دەوڵەتێکی ”مستقل”ی نەتەوەی کورد دەسەلمێنن. لێرە هەوڵ دەدرێ لە سەر ئەو بەشانەی مێژووی دەوڵەتی جمهوری کوردستان کار بکرێ کە هەوڵی شێواندنی دراوە. پێشتر لە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی بابەتێک بڵاو کراوەتەوە کە دەتوانن لە بەشی یەکەمدا بیخوێننەوە. بە هۆی ئەوە کە بەڕێوەبەری ئەم پێگەیە بەردەوام کار لە سەر کۆماری کوردستان ناکا و چەند پڕۆژەی دیکەشی لە بەر دەست دایە، هەر بۆیە بەردەوام ئێرە لە نوێکردنەوەدا نابێ. مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێگەیە دابینکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ ئەم بابەتانە بووە کە هەرکات بەستەرەکانی چالاک بێ و تووشی گۆڕانکاری نەیێن. نووسینەکانی ئەم پێگەیە بە پێی پرەنسیپ و لەبەرچاوگرتنی قانوونەکانی نووسینی وڵاتی نەروێژ دەبێ. گەر ئەو کەس و لایەنانەی کە دەچنە ژێر ڕەخنەی ئێمە، بیانهەوێ وڵامێکیان هەبێ و لە بێدەنگی بەردەوامیان بێنە دەرێ، بابەتەکەیان لێرەدا دەخرێتە بەر چاوی خوێنەر. بە دڵنیاییشەوە وڵامی دەدرێتەوە و بە پێی بەڵگە و فاکت هەڵوێست دەگرین.

      پڕۆژەی داهاتوو کە لە مەڕ مێژووی کۆماری سەربەخۆی کوردستان ئامادە دەکرێ، پێوەندی بە شێواندن و خەوشەدارکردنی کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی نەتەوەی کورد هەیە. نەیارانی نەتەوەی کورد لەم پێوەندییەوە هەندێک هەوڵی ناشارەزایانەیان داوە کە دەکرێ بە دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژی و بە پێی بەڵگە بەرپەرچ بدرێنەوە. ئەم لێکۆڵینەوانە تەنیا لە بەر بەرگری لە چەواشەکردنی مێژووی نەتەوەی کورد ئەنجام دەدرێ کە خۆی چەشنێک لە هەوڵێکی سیستەماتیکە بۆ ژێنۆسایدی نەتەوەیەک. لێکۆڵینەوەکان بە هیچ شێوەیەک لە ”تأیید” و پاڵپشتی لایەنێکی ڕامیاری کوردی و غەیری کوردیدا نییە و تەنێ بۆ پاڵپشتی لە نەتەوەی کورد ئەنجام دەدرێن.

سۆران کرباسیان

Follow

Get every new post delivered to your Inbox.